Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پيرۆزبايى له‌ یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ده‌كات

2026-05-15T07:15:00.000000Z
هه‌واڵ پەیامی پیرۆزبایی

بە بۆنەی شەست و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایان و تەواوی مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی پەیامە پیرۆزەکەیاندا.

لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆره‌وه‌ لە ڕۆڵی مێژوویی و نیشتمانیی مامۆستایان دەڕوانم. مامۆستایانی کوردستان هەمیشە سەلماندوویانە کە تەنیا فێرکار نین، بەڵکوو په‌روه‌رده‌كارى خه‌مخۆر و پێشەنگی پاراستنی ناسنامە، زمان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمانن. لە سەردەمی شۆڕش و خەباتدا سەنگەری هۆشیاری بوون و لە ڕۆژگارە سەختەکانی دوای ئازادییشدا، بە دڵسۆزی و خۆڕاگری، نەیانهێشت پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بوەستێت.

مامۆستایان کۆڵەکەی سەرەکیی هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی کۆمەڵگەن. بره‌ودان به‌ تواناكانى مامۆستایان، وەبەرهێنانی ڕاستەقینەیە لە داهاتووی نەوەکانماندا. بۆیە جارێکی تر جەخت لە هه‌موو پشتگیریيه‌كم بۆ داوا ڕەواکانیان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ مامۆستايان دەکەمەوە کە لەگەڵ ئه‌رك و پێگە و ماندووبوونیاندا بگونجێت.

دەستخۆشی لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەم کە لە مێژووی خۆیدا هەمیشە چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی مامۆستایان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان. سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەو مامۆستایانەی تەمەنی خۆیان لەپێناو پەروەردە و ئازادیی کوردستاندا بەخشی.

ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە هەمووان پیرۆز بێت.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/5/15