پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/6/15، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی کاتێدراڵی مار یووسفی کلدانی له عه‌ينكاوه کرد و لەلایەن جه‌نابى پاتریارک مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، سه‌رۆكى كه‌نيسه‌ى كلدانى له عێراق و جيهان و ژماره‌يه‌ك له پياوانى ئايينی مه‌سيحییەوە پێشوازیی لێ‌کرا.
لە دیدارێکدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وێڕاى به‌گه‌ر‌مى به‌خێرهێنانى بۆ هه‌ولێر، خۆشحاڵيى خۆى به سه‌ردانى جه‌نابى پارتريارك بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و پيرۆزباييى دەستبەکاربوونى لێ‌كرد، هه‌روه‌ها هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى بۆ خۆيان و كه‌نيسه‌كه‌يان دووپات كرده‌وه.
به‌ڕێزيان جەختی لەوە کردەوە کە هاووڵاتیيانى مەسیحی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و گرنگی گەلی کوردستان و عێراقن و ڕۆڵی دیاریان لە مێژوو، ئێستا و داهاتووی وڵات‌دا هەیە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی ئارامی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبوردەیی و یەکترقبووڵكردن بۆ ته‌واوى پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانى دەمێنێتەوە.
لای خۆیەوە، جه‌نابى پاتریارک سوپاس و پێزانینی بۆ سەردانی سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ كه‌نيسه‌كه‌يان دەربڕی و ستایشی ڕۆڵی مرۆیی و مێژوویيی هه‌رێمى كوردستانى كرد لە پێشوازیکردن و داڵدەدانی مەسیحییەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە کاتی هێرشەکانی داعشدا، هەروەها کەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.
دۆخی مەسیحییەکان لە عێراق و ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو كه تيايدا ژماره‌يه‌ك له وه‌زيران و به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون.