
ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/8/17 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە گفتوگۆکانی دیدارێکدا، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەیوەندی و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا، پێویستیی پەرەپێدان و فراوانکردنیان لە کایە جیاجیاکاندا، دووپات کرایەوە.
لە تەوەری ناوخۆدا، باس لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا، تیایدا بەڕێز سەرۆکی دیوان، پەرەسەندنەکانی پرۆسەکە و ئەنجامی دانوستاندنەکان، هەروەها هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆکایەتیی بە ئاراستەی سەرخستن و خێراکردنی پرۆسەکە، خستەڕوو.
هەر لە دیدارەکەدا، ڕەوشی گشتیی عێراق و کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا، بەتایبەتی کێشە هەنووکەییەکانی وزە و دارایی، خرانە ڕوو، لەمبارەیەوە، هەردوولا لەسەر بەردەوامیی دانوستاندن و ڕاگۆڕینەوە لەپێناو گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی هاوبەش لەبارەیانەوە، هاوڕا بوون.
هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و لێکەوتەی ڕووداوەکان بەسەر سەقامگیریی ناوچەکەوە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو کە بەڕێزان کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسان لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوون.


