Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و باڵیۆزی نوێی بەنگلادش تاوتوێی پەیوەندییەکانیان کرد

2025-09-30T10:18:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/9/30 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز مەقسوود ئەلحەق، باڵیۆزی نوێی بەنگلادش لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، بەڕێز سەرۆکی دیوان پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز ئەلحەق لە ئەرکە نوێیەکەیدا وەک باڵیۆزی وڵاتەکەی لە عێراق کرد و ئامادەییی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیکردنی لە سەرخستنی کارەکانیدا، نیشان دا.

لای خۆیەوە بەڕێز مەقسوود ئەلحەق، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی بە ئەرکەکەی لە عێراق و سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.

ئاستی پەیوەندییەکان و چۆنیەتیی پەرەپێدانیان لە کایە جیاجیاکاندا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا بیروڕا بۆ هەماهەنگیی زیاتر و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆر کرا.