
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/9/10 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز لیو جون، كونسوڵی گشتیی كۆماری میللیی چین لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، چەندین تەوەری پەیوەندیدار بە هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری میللیی چین، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، گەشەپێدانی توانا مرۆیی و زانستییەکان تاوتوێ کران و وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی بەردەوامییان، بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی پەرەپێدان و فراوانکردنیان، ئاڵوگۆڕ کرا.
لە دۆسیەی ناوخۆدا، پرسی دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، خرانە بەر باس، لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان ئەنجامی دانوستاندنی لایەنە سیاسییەکان و هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی بە ئاراستەی خێراکردن و سەرخستنی پرۆسەکە، خستەڕوو.
هەڵبژاردنی بڕیارلێدراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو، لەم ڕووەوە، پێویستیی بەردەوامیی کۆبوونەوە و گفتوگۆ دووقۆڵییەکان لەپێناو گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکلاکردنەوەیان، دووپات کرایەوە.
هەر لە دیدارەکەدا، باس لە ڕەوشی گشتیی هەرێمایەتی و ڕووداوە سیاسییەکان و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی کرا و لێکەوتەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، هەڵسەنگێنران.

