Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

2026-05-23T07:01:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

شه‌وى ڕابردوو هه‌ينى‌ 2026/5/22، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز سەید عەباس عه‌راقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنييان ئه‌نجام دا.

تيايدا پەرەپێدانی په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران بەتایبەتى لە بواری ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانیدا تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى بەهێزکردنی هەماهەنگی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

له‌ تەوەرێکی ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا، باسيان له‌ دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە كرد و جه‌ختيان له‌ گرنگیی هەوڵی وڵاتانی ناوچەکە کرده‌وه‌ بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌يان بوو.