Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له‌ باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا كرد

2025-10-08T10:11:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2025/10/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز دانيێل كرێبه‌ر باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى، وێڕاى پيرۆزباییی ده‌ستبه‌كاربوونى، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى نيشان دا، هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى ئه‌ڵمانياى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق، سوپاسى پێشوازى و پشتگيريى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى كرد و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا، دووپات كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا ئاماده‌كارييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان بۆ هه‌ڵبژاردنى مانگى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دۆخى گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.