Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له‌ جه‌نه‌راڵ مه‌زلووم عه‌بدى كرد

2025-04-24T07:50:00.000000Z
هه‌واڵ

شه‌وى ڕابردوو 2025/4/23 لە هەولێر، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ مه‌زلووم عه‌بدى، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سووريا و په‌يوه‌ندييه‌كانى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات و لايه‌نه‌ سياسييه‌ كوردييه‌كان‌ له‌ سووريا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى سووريا تاوتوێ كران و ده‌رباره‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاوبه‌شى و به‌شداريى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كانى سووريا له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته‌كه‌دا و مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى هه‌مووان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌نێو پێكهاته‌كانى سووريادا بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسى و ئاڵنگارييه‌كان.

پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريادا وه‌ك گارانتييه‌ك بۆ به‌ديهێنانى داوا و مافه‌ ڕه‌واكانى كورد له‌و وڵاته‌، دۆخى كامپى هۆڵ و ڕۆڵى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سووريا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.