ئەمڕۆ یەکشەممە 2024/8/25، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێکی سەرۆکایەتی، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەیەوە، ماڵئاوایی لە بەڕێز ماوریتزیۆ گریگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا، بەڕێز سەرۆکی دیوان سوپاسی سەرۆک و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی گەیاندە باڵیۆز گریگانتی کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا وەک باڵیۆزی وڵاتەکەی، ڕۆڵی گرنگی لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و پتەوترکردنی دۆستایەتیی نێوان هەردوولادا گێڕاوە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێدا بۆ خواست.
هەر لە دیدارەکەدا کە بەڕێز ميشێل كاميرۆتا کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باڵیۆز گریگانتی، هاوکاری و پشتیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی لە سەرخستنی کارەکانی لە ماوەی ئەرکەکەیدا، بە پێزانینەوە باس کرد.