Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى ڕاپه‌ڕيندا

2021-03-05T07:41:19.000000Z
لێدوان

له‌ يادى سى ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕينى ئازارى گه‌لى كوردستاندا، دروود بۆ شه‌هيدانى ئازاديى كوردستان، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پيرۆزياندا داده‌نوێنين، به‌ حورمه‌ت و شكۆوه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

سڵاو له‌ گه‌لى خۆڕاگرى كوردستان كه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ وه‌ك ئه‌مڕۆ به‌رله‌ سى ساڵ له‌ ڕانيه‌ى خۆشه‌ويستى ده‌روازه‌ى ڕاپه‌ڕينه‌وه‌، له‌ خرۆشانێكى جه‌ماوه‌ريى گه‌وره‌دا به‌رامبه‌ر به‌ سته‌م و دكتاتۆرى ڕاپه‌ڕين و له‌گه‌ڵ پێشمه‌ر‌گه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان، يه‌ك به‌ يه‌ك گوند و شارۆچكه‌ و شاره‌كانى نيشتمانيان ئازاد كرد.

ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا يادى ئه‌و ڕۆژه‌ پيرۆزانه‌ و قاره‌مانه‌كانى ده‌كه‌ينه‌وه‌، كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستى به‌ ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزيى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌يه‌ تاكو بتوانێت په‌يام و ئامانجه‌ پيرۆزه‌كانى ڕاپه‌ڕين و به‌رهه‌مى خوێنى شه‌هيدان بپارێزێت و به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێت.

وه‌ك چۆن له‌ ڕاپه‌ڕيندا ته‌واوى كوردستانييان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئاينييه‌كان و هه‌موو ئاراسته‌ و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌ جياكانه‌وه‌، له‌ به‌ره‌يه‌كى يه‌كگرتوودا پێكه‌وه‌ ڕاپه‌ڕين و سه‌ركه‌وتين، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌توانين ڕووبه‌ڕووى سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كان ببينه‌وه‌ و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانمان به‌ده‌ست بهێنين و بپارێزين.

له‌م ياده‌ پيرۆزه‌دا داوا له‌ هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌م، يادى ڕاپه‌ڕين بكه‌ينه هه‌وێنى ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزى و نه‌هێشتنى كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان تا گيانى كاروانى شه‌هيدانى كوردستان شاد بكه‌ين و هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێين، پێكه‌وه‌ بۆ كوردستانێكى ئارام، ئاوه‌دان و سه‌قامگير تێبكۆشين كه‌ بۆ هه‌ميشه‌ به‌ لانكه‌ى ئازادى، لێبورده‌يى، پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن بمێنێته‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

5ى ئازارى 2021