بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژيی دژی ژنان، جەخت له ئیرادەی سیاسیمان دەکەینەوە بۆ پشتگیری و کاری بەردەواممان لەسەر پرسی دادوەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی جێندەری لە هەرێمی کوردستان.
لە ٢٠٠٧وە ساڵانە هەرێمی کوردستان لەم بۆنەیەدا کەمپەینی شانزەڕۆژی ڕادەگەیەنێ بۆ چرکردنەوەی کار و چالاکییەکان بە ئامانجی بنبڕکردنی توندوتیژیی جێندەری و دابینکردنی دادوەری. وێڕاى سهختييهكان، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش و تاوانهكانى و جینۆسایدی ئێزیدیيان کە بوونە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورەی مرۆیی، هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە شێوازێکی دروست و شايسته مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات.
هەموو قەیران و شەڕێک کۆمەڵگە دەشێوێنن، هەنگاوەکان دوا دەخەن و دەبنە مایەی توندوتیژی، ئافرەتانیش قوربانیی سەرەکیی ئەو دۆخهن، بۆیە لەم ڕۆژەدا و بۆ ئهم ئهركه پێويست و گرنگه، جەخت لەسەر بەردەوامی و هەماهەنگيی سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و ئاژانسەکانی یووئێن و ڕێکخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتییەکان دهكهينهوه.
لەم ڕوانگەیەوە، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیدگایەکی ستراتیژیی فراوانمان داڕشتووە کە وەک نەخشەڕێگایەک بۆ پاراستنی ماف و گەشەپێدان و بەهێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگە بە هەماهەنگی لهگهڵ لايهنه پهيوهندارهكان کاری لەسەر دەکەین، داواش لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکەین چالاکانە لە ئەنجامدانی کار و چالاکییەکانی شانزەڕۆژهی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، بەشدار بن.
هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەخوازین.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٥/ ١١/ ٢٠١٩