لە (٣٤) هەمین ساڵیادی شەهیدانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەی هەڵەبجهدا، بە شکۆوە ئەم یادە دەکەینەوە کە لەم ڕۆژەدا (١٩٨٨/٣/١٦) ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتێکی فاشیزمی دڕندەی دژ به جیهانی مرۆڤایەتی و دیموکراسی دەرکەوت، ئەم تاوانەش جگە لە پێناسەی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزيی نەتەوەیەک کە نەتەوەی کوردی پێ دەگوترێ، هیچ پێناسەیەکی تر هەڵناگرێ.
ئیتر با هەموومان بەیەکەوە ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە لەڕووی بنیادنانەوە وەکو شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانی و خزمەتگوزارییەوە بکەین بە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان، تەنها یادێک نەکەین بە پاساو بۆ گرنگیپێدانیان کە ئەرکی سەرشانی حکوومەتی هەرێمە شاری هەڵەبجە بکات بە پارێزگایەکی نموونەیی و بە جیهان و دونیای دیموکراسی بناسێنێ لە ئاست ئەو تاوانەی کە بەرامبەری کراوە، سەرەڕای ئەوەی کە گرنگ بوو بە یاسا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە لەلایەن حکوومەتی عيراقی فیدراڵەوە کە دوای چەندین ساڵ لە ئازادکردنی عيراقێک لەژێر دەستەی زوڵم و ستەم و قڕکردنی شووناسی نەتەوەیی و ڕۆحی مرۆڤایەتی، هیچ بەرنامە و هەنگاوێکی ڕاستەقینە و یاسایی نەنراوە دژ بەو کارەساتە مرۆڤایەتییە!
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی کوردستانە بە تێکڕای بیروڕا جیاوازەکانەوە، گرنگە بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی و بیروباوەڕی نیشتیمانپەروەری ئەو ئەزموون و ئازادی و ئەو دیموکراسییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، درێژە پێبدەین و کۆ دەنگیمان بکەین بە حەقیقەتی خەون و لەگۆڕنانی پلانی دوژمنانمان کە هەمیشە کار دەکەن بۆ سڕینەوەی شووناس و خاک و کوردبوونمان.
لە کۆتاییدا سەڕی ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازانی کورد و کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٣/١٦