ئەمڕۆ چواردەی نیسان، ٣٤ ساڵ بەسەر ئەنفالی ناوچەی گەرمیان (چەمچەماڵ و کەلار)دا تێپەڕ دەبێت کە دوژمن لە چوارچێوەی پلان و نەخشەیەکی داڕێژراودا بە دڕەندەترین شێوە ئەم پرۆسە تراژیدی و سامناکەی دەرهەق بە پیر و مناڵ و ئافرەت و پیاو بێ جیاوازی و دوور لە هەست و ویژدان ئەنجام دا. لەم یادە پڕ شکۆیەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان دادەنەوێنم، سڵاوی وەفام بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال هەیە کە بۆ هەمیشە لەگەڵ ئازارێکی بێ کۆتا گوزەر دەکەن لە ژیان.
بە داخەوە مێژووی نەتەوەی کورد تەژییە لە ئازار و ناسۆری دەربەدەری و ڕاگواستن بۆ بیابانە بێ ڕەحمەکانی خاڵی لە ویژدان، گەلێکین هەمیشە باجی کوردبوونمان بە خوێن داوە، ئامانجی دوژمن تەنها ڕاگواستن و زیندەبەچاڵکردن و وێرانکردنی دێهاتەکانمان نەبووە، بەڵکو خەونی سڕینەوەی ناسنامە و شوناسی نەتەوەییمان بووە، بۆیە هەموو کاتێک گرنگە یەکڕیزی و گیانی لێبووردەیی نێوان هێزە سیاسییەکان لە یادە پڕ ناسۆر و مێژووە پڕ لە خوێناوییەکانی نەتەوەکەماندا دووپات بکەینەوە بە کردار لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی هەموو ئەو کارەساتانەی کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە.
هیواخوازم هەموو ئەوانەی لە پرۆسەی ئەنفال زیانی گیانی و ماڵییان پێگەیشتووە، قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بۆ بکرێتەوە، تەنها بە جینۆساید ناساندنی پرۆسەکە بەس نەبێت بۆ ئەم تاوانە کارەساتبارە، گەڕان بە دوای گۆڕە بە کۆمەڵەکان چڕتر بکرێتەوە، لە هەر بیابانێکی عیراق بۆنی خوێنی زیندەبەچاڵێکی کورد هەبێت بە شکۆوە ڕوفاتەکەی بگەڕێندرێتەوە خاکی کوردستان.
سڵاو لە گیانی پاکی گشت شەهیدانی کوردستان کە ههرگيز یادیان لە بیرمان ناچێتەوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٤/١٤