Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى ديوان به‌شدارى له‌ ڕێوره‌سمى يادى شه‌هيدانى 1ى شوباتدا كرد

2022-02-01T11:29:13.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/2/1 به‌ نوێنه‌رايه‌تيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، به‌ڕێز فه‌وزى هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له‌ ڕێوره‌سمى يادى شه‌هيدانى يه‌كى شوباتى 2004دا كرد كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان سه‌رۆكى په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و به‌رپرسانى حكوومى و حزبى و خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى شه‌هيدان له‌ پاركى شه‌هيد سامى عه‌بدولڕه‌حمان له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى ديوان تاجه‌گوڵينه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى له‌سه‌ر مۆنۆمێتى شه‌هيدان دانا.

يه‌كى شوباتى 2004 له‌ يه‌كه‌م ڕۆژی جەژنی قورباندا، دوو تەقینەوه‌ى تيرۆرستى لە یەک کاتدا بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتيی نیشتمانيی کوردستانى له‌ هه‌ولێر به‌ ئامانج گرت.

له‌و كرده‌وه‌ تيرۆرستييه‌دا 103 کەس شەهید بوون کە ژمارەیەک سەرکرده‌ و بەرپرسانی ديارى حکوومی و کادیرانى حزبى و هاووڵاتى شه‌هيد و ژمارەیەکيشيان بریندار بوون.