ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٢/٨/٢٥ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆلۆنێڵ دۆدی لیۆناردۆ، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ئیتالیا و شاندێکی یاوەری کرد، کە بەمەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەی، سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکیان کردبوو.
لە دیدارێكدا كە کۆلۆنێڵ ئۆرلاندۆ ماتیا فەرماندەی نوێی هێزە تایبەتەکانی ئیتالیا ئامادە بوو، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سوپاسی ئەرک و کارەکانی فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ئیتالیای لە ماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستاندا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوودا بۆ خواست، هەروەها پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە کۆلۆنێڵ ئۆرلاندۆ ماتیا كرد و ڕۆڵی هێزەکانی ئیتالیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و مەشق و ڕاهێنانكردن بە پێشمەرگە بەرز نرخاند.
لای خۆیانەوە شاندی میوان سوپاسی پاڵپشتی و هاوكارییەكانی دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیان لە كار و چالاكییەكانیان كرد و جەختیان لە بەردەوامبوونی مەشقەکانیان بە پێشمەرگە و پەیوەندیی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.