ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٤/٧/٢٣ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای فیرقەی دووی هێزی پێشمەرگەی لە تەکیەی بازیان کرد و لە لایەن بەڕێز لیوا روکن ڕێبوار، فەرماندەی فیرقە و ئەفسەرانی باڵای فیرقەوە پێشوازی کرا.
لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەفسەرانی باڵای فیرقەی دوو، بەڕێز جێگری سەرۆک ڕۆڵ و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی لە گشت قۆناغەکاندا بۆ پاراستن و بەرگری لە خاک و و وڵاتدا بەرز نرخاند، هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت سەنگەرەکان و ئەو بنکانەی کەوا هێزی پێشمەرگەی تێدا جێگیر کراوە لەڕووی یارمەتییە لۆجستی و پێداویستییە سەربازییەکانەوە گرنگیی زیاتریان پێ بدرێت، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هاوڵاتییان و ناوچەکەدا.
دواتر بەڕێز جێگری سەرۆک سەردانی ئاسایشی ناحیەی قەرەهەنجیری سەر بە پارێزگای کەرکووکی کرد و بە نیگەرانییەوە باسی لە هێرشە تیرۆریستیەکەی ئەم دواییەی سەر بنکەیەکی ئاسایشی ناحیەکە کرد کە کارمەندێکی ئاسایش بە ناوی جوامێر عهزيز ڕهشيد تێدا شەهید بوو و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی لە نزیکەوە لە هەڤاڵانی شەهید جوامێر کرد، ههروهها دووپاتی کردەوە کە هێشتا تیرۆر مەترسیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بەگشتی، بۆیە دەبێت هاوپەیمانان و سوپای عێراق یارمەتیدەرێکی سەرەکی بن لە پاڵ هێزی پێشمەرگەدا، بۆ بنبڕکردنی تیرۆریستان و نەهێشتنی ئەم جۆرە کردەوە تیرۆریستیانەی کە ناوە ناوە دەکرێتە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
لای خۆیانەوە بەڕێزان فەرماندە و ئەفسەرانی باڵای فیرقەی دوو و بەڕێوەبەری ئاسایشی قەرەهەنجیر، سوپاسی سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێمیان کرد و تیشکیان خستە سەر گرنگی و پێویستیی ئەم جۆرە سەردان و کۆبوونەوانانە بۆ تاوتوێکردنی کێشە و گیروگرفتەکانیان و دڵسۆزانەتر ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان.