Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى ديوان له‌گه‌ڵ‌ كونسوڵى گشتيى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌

2024-04-08T10:12:33.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/4/8 به‌ڕێز فه‌وزى هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز كڵاوس شترايشه‌ر كونسوڵى گشتيى ئه‌ڵمانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان‌ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و نيگه‌رانى و تێبينيى لايه‌نه‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دوايين سه‌ردانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ به‌غدا و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى عێراق، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا به‌ره‌وپێشچوونى ئه‌م دوايييه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى بۆ چاره‌سه‌ريى هه‌ندێ له‌ كێشه‌كان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى مووچه‌ و شايسته‌ دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا نراون، به‌ ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ گرنگيى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌كان و نه‌هێشتنى به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌مى، كرده‌وه‌.