سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پرسه و سه‌ره‌خۆشيى خۆى بۆ گه‌ل و حكوومه‌تى عو‌مان دووپات كرده‌وه به له‌ده‌ستدانى خوالێخۆشبوو سوڵتان قابووس بن سه‌عيد سوڵتانى پێشووى عو‌مان، هه‌روه‌ها پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له سوڵتانى تازه خاوه‌نشكۆ هه‌يسه‌م بن تارق ئال سه‌عيد كرد و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عو‌مان ده‌ربڕى.
له سێيه‌مين ڕۆژى به‌شداريكردنيدا له كۆڕبه‌نديى ئابووريى جيهان له داڤۆس، سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 23/1/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز يووسف بن عه‌له‌وى، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عو‌مان كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا له بواره جياكاندا كرايه‌وه، هه‌روه‌ها دوايين دۆخى عێراق و ناوچه‌كه و كاريگه‌ريى ئاڵۆزييه‌كان له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيرى، چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ هێوركردنه‌وه‌ى گرژييه‌كان، مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، ئاراسته و سياسه‌تى میانڕه‌ویی عو‌مان له ناوچه‌كه و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه و جيهان، تاوتوێ كران.