Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، ميوانداريى ديپلۆماتكاران ده‌كات

2022-04-13T11:42:36.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێواره‌ى سێشه‌ممه‌ 2022/4/12 سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئاماده‌بوونى ‏به‌ڕێزان مسته‌فا سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌وزى هه‌ريرى ‏سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، سه‌فين دزه‌يى، به‌رپرسى ‏فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ ‏به‌رپرسان و ڕاوێژكاران، به‌بۆنه‌ى مانگى پيرۆزى ڕه‌مه‌زانه‌وه‌، ميوانداريى به‌ڕێزان ‏ديپلۆماتكاران له‌ كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.‏

له‌ وته‌يه‌كدا به‌ڕێز فه‌لاح مسته‌فا ڕاوێژكارى باڵاى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ‏به‌ناوى سه‌رۆكايه‌تييه‌وه‌ به‌خێرهاتنى ميوانانى كرد و سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى ‏كوردستانى بۆ پشتگيريى و يارمه‌تيدانى وڵاتانى دۆست و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ‏ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵ و كاريگه‌ر‌يى نوێنه‌رايه‌تيى ديپلۆماسيى وڵاتان له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش ‏كرد.‏

له‌ وته‌كه‌دا هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ‏له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى عيراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و به‌ گفتوگۆ دووپات ‏كرده‌وه‌ و هيواى خواست هاتنى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان ببێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ گه‌يشتنى ‏لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان بۆ لێكگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.‏

لاى خۆيانه‌وه‌ ديپلۆماتكاران و نوێنه‌رانى وڵاتان له‌ هه‌رێمى كوردستان، خۆشحاڵيى ‏خۆيان به‌و ديدار و ده‌رفه‌ته‌ ده‌ربڕى و سوپاسى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى ‏كوردستانيان كرد، هه‌روه‌ها هاريكارى و هاوبه‌شيى هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ ‏وڵاته‌كانيان به‌رز نرخاند.‏