
ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/11/22 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە خاتوو ئان لیندى، وەزیرى دەرەوەى سوید و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخى عیراق و هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجامەکانى، پەیوەندییەکانى سوید لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان، دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى سویدى لە هەرێمى کوردستان، ڕەوشى ئاوارە و پەنابەران، دۆخى کەمپى هۆڵ لە سووریا، هەڕەشەکانى داعش، بوارەکانى دیموکراسى، مافى مرۆڤ، ئازادییەکان، یەکسانیى جێندەرى، سیستمى دادوەرى لە عیراق و هەرێمى کوردستان و هەڕەشەکانى گۆڕانى کەشوهەوا بەتایبەتى لەسەر عیراق، تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیى سەقامگیریى سیاسى لە عیراق و گەیشتنى لایەنە سیاسییەکان بە لێکگەیشتنێک بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى لە وڵات و یەکلاکردنەوەى هەر تێبینى و کێشەیەک لەسەر ئەنجامەکانى دەنگدان لە عیراق کردەوە کە لە ئەنجامدا حکوومەتێکى لێ بکەوێتەوە، داوا و خواستەکانى هاووڵاتییانى عیراق لە ژیان و گوزهرانێکى باشتر و خزمەتگوزارییەکان، ڕەچاو بکات.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەکەدا بیروڕا دەربارەى گرنگیى بەردەوامیى هەوڵەکان بۆ باشترکردنى دۆخى ئافرەتان لە عیراق و هەرێمى کوردستان و بەشدارى و هاوبەشیى کاراتر و زیاتریان لە پرۆسەى سیاسى و بەڕێوەبردنى وڵاتدا، ئاڵوگۆڕ کران و جەخت لە پاراستنى دیموکراسى و ئازادییەکان و مافى مرۆڤ و یەکسانى و باشترکردنى سیستمى دادوەرى و دادگاکان کرایەوە.
پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، پەیوەندیییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێ، هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنى تیرۆرستانى داعش، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.






