Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له‌ پێكه‌وژيان و لێبورده‌يى ده‌كاته‌وه‌

2020-09-28T10:01:08.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28/9/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئايدن مه‌عرووف، وه‌زيرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى پێكهاته‌كان به‌تايبه‌تى پێكهاته‌ى توركمان تاوتوێ كرا و تيشك خرايه‌ سه‌ر هاوبه‌شى و ڕۆڵ و به‌شدارييان له‌ پرۆسه‌ى سياسى و به‌ڕێوه‌بردن و كايه‌كانى ديكه‌ى ژياندا له‌ هه‌رێمى كوردستان. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ توركمان پێكهاته‌يه‌كى ڕه‌سه‌نى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانن و ڕۆڵى ديار و به‌رچاويان له‌ بنياتنان و به‌ره‌وپێشبردنى هه‌موو كايه‌كانى ژياندا له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زيرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان، پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى پێكهاته ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى ديكه‌ى كوردستان و كاروبار و پێداويستييه‌كانيان خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ خوێندنى توركمانى و سريانى و چالاكييه‌ كولتوورى و ڕۆشنبیرییه‌کان كرد.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌ سياسه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستن و قووڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندی پێكه‌وه‌ژيان و یه‌کترقبووڵکردن و لێبورده‌يى له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئايينييه‌كاندا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ توركمان، مه‌سيحى، ئێزدى، كاكه‌يى، ئه‌رمه‌ن، شه‌به‌ك، عه‌ره‌ب و كورد هه‌موو پێكه‌وه‌ يه‌كسان بن و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك هه‌ميشه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ نيشتمان و لانكه‌ى ئارامى هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه‌.