Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پۆڵه‌ندا كۆده‌بنه‌وه‌

2019-07-30T16:56:07.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز ماسینج لانگ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پۆڵه‌ندا خۆشحاڵیی خۆی به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها باسی كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كانی له‌ به‌غدا، به‌رزڕاگرتنی ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌یان په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی سه‌ردانه‌كه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ده‌رفه‌تی له‌بار هه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان و پۆڵه‌ندا په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ بوارى جيادا په‌ره‌ پێبده‌ن، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی شه‌ڕی داعش و لێكه‌وته‌كانی، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قۆناغی نوێ، به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق، پێشكه‌ش كرد.

تاوتوێكردنی په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه و هاندانی كه‌رتی تایبه‌تی هه‌ردوولا بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.