
پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2022/3/15 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ڤيلله ڤاريۆلا باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و خاتوو ئان مێسكانه‌ن سه‌رۆكى نێرده‌ى ڕاوێژكاريى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له عيراق كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عيراق و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌مى، هێرشه مووشه‌كييه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر، هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى عيراق، ئاماده‌يى و ڕۆڵ و چالاكيى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له بواره جياكاندا له عيراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاريكاريى نێوانيان، پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران و مافى مرۆڤ و ئازاد‌ييه‌كان، دۆخى شه‌ڕ له ئۆكرانيا و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى، تاوتوێ كران.
به‌ڕێز باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له عيراق پوخته‌يه‌كى له كار و چالاكييه‌كانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و دامه‌زراوه‌كانى له عيراق و هه‌رێمى كوردستان و پلانى داهاتوويان پێشكه‌ش كرد و جه‌ختى له خواستى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و يارمه‌تيدانيان بۆ به‌هێزكردنى دامه‌زراوه‌كان، به‌ڕێوه‌بردن، ئاوه‌دانكردنه‌وه، كه‌رتى وه‌به‌رهێنان و سيستمى بانكى، دووپات كرده‌وه.
به‌ڕێز نێرده‌ى ڕاوێژكاريى يه‌كێتيى ئه‌ورووپاش هه‌موو ئاماده‌يى و پشتگيرييه‌كى نێرده‌كه‌يانى بۆ پێشكه‌شكردنى هاريكارى و پشتگيرى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان نيشان دا تا له بواره مه‌ده‌نييه‌كاندا يارمه‌تيده‌ر بن و هه‌رێمى كوردستانيش بتوانێت سوودمه‌ند بێت له به‌رنامه‌كانى نێرده‌ى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و كاركردنى له‌سه‌ر چاكسازى له كه‌رتى سڤيلدا كه بواره‌كانى تايبه‌ت به تاوانى ڕێكخراو، كۆچى ناياسايى، پاراستنى شوێنه‌واره‌كان، به‌ڕێوه‌بردنى قه‌يرانه‌كان، بابه‌ته‌كانى جێنده‌ر، دادوه‌رى و چه‌ند بوارێكى ديكه، ده‌گرێته‌وه.
لاى خۆيه‌وه سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى هه‌ڵوێستى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و ڕاگه‌يه‌نراوه‌كه‌ى ده‌رباره‌ى هێرشى مووشه‌كيى بۆ سه‌ر هه‌ولێر كرد و جه‌ختى له گرنگيى ئاماده‌يى و ڕۆڵى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و دامه‌زاروه‌كانى له عيراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه كه ده‌توانن له بواره جياكاندا يارمه‌تيده‌ر بن، به‌تايبه‌تى له بواره‌كانى ديموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ و چاكسازى و دادوه‌رى و گه‌لێك بوارى ديكه‌دا كه بۆ ئێستا و داهاتووى عيراق و هه‌رێمى كوردستان پێويستن.

