Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی به‌ریتانیا كۆبوونه‌وه‌

2021-04-21T19:23:46.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21/4/2021 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ستيڤن هيكى، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق و شاندێكى ديپلۆماسى و سه‌ربازيى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌‌كدا سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر سه‌قامگیریی عێراق تاوتوێ كران. سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی هاوپه‌یمانيى نێوده‌و‌ڵه‌تى له‌ پشتیوانیكردنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژى تيرۆردا كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگیی دڵنیابوون له‌ بنه‌بڕكردنى يه‌كجاره‌كيى داعش و پێويستيى هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كرده‌وه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌‌ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ كاتی هاتووه‌ تێڕوانینێكی هاوبه‌شى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان‌ بۆ باشتركردنی دۆخی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی عێراق به‌گشتی گه‌ڵاڵه‌ ببێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ئاماده‌كاری بكه‌ن.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان نیگه‌رانیی خۆیان له‌و هێرشانه‌ ده‌ربڕی كه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی هه‌ولێر و به‌ توندی سه‌ركۆنه‌يان كرد، جه‌ختیان له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م كردارانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌قامگیریی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت‌.

له‌ كۆبوونه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، دوا سه‌ردانی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى خرانه‌ به‌ر باس و په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی دادگای فیدرالی، به‌رز نرخێنران.

هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بۆ يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق، ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراقدا، به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و سوودوه‌رگرتن له‌ پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی، دۆخی ئابووریی عێراق، كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنا و ڕه‌وشی ئاواره ‌و په‌نابه‌ران، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌كه‌ بوون.