Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كۆبوونه‌وه‌‏

2022-07-19T12:20:15.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی هێزە چەکدارەکان کار و ئابووری هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/7/19 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئێريك شۆڤاليێ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عيراق كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى و ئه‌منيى عيراق و هه‌وڵه‌كان ‏بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمار و پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى عيراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى ‏هه‌ولێر ـ به‌غدا، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى ‏ماده‌ى 140، پێشهاته‌كانى ناوچه‌ى شه‌نگال، دۆخى هه‌رێمى كوردستان و ‏هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو، تاوتوێ كران.‏

به‌ڕێز باڵيۆزى فه‌ره‌نسا جه‌ختى له‌ بايه‌خدانى وڵاته‌كه‌ى به‌ بره‌ودانى ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه و ئارامى و سه‌قامگيريى ‏عيراقى بۆ پاراستنى سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ به‌ پێويست و گرنگ زانى.‏

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى ‏هه‌ولێر ـ به‌غدا، كليلى ئارامى و سه‌قامگيريى عيراقه‌ و هه‌بوونى ميكانيزمێكی بۆ ‏گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، به‌ پێويست له‌ قه‌ڵه‌م دا.‏

هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر پێويستيى و گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكارى و ‏هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عيراق به‌ پشتگيريى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى ‏نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى داعش، به‌تايبه‌تى له‌ ‏ناوچه‌كانى ماده‌ى 140ى ده‌ستوور.‏

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، هه‌وڵه‌كان بۆ جێگيركردنى بازاڕى جيهانيى وزره‌ و پێگه‌ و ‏گرنگيى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌مباره‌يه‌وه‌، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ‏له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز ئۆليڤيێ ديكۆتينى، كونسوڵى گشتيى فه‌ره‌نسا له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.