Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا كۆبووه‌وه‌

2022-02-18T15:23:23.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئيواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2022/2/18 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ په‌راوێزى كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشندا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز لۆرێنزۆ گوێرينى، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا‌ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيرى و هاوكارييه‌ سه‌ربازييه‌كانى ئيتاليا له‌ كاتى شه‌ڕى داعشدا دووپات كرده‌وه‌. له‌باره‌ى دۆخى ئه‌منيى عيراقيشه‌وه‌ ڕوونيكردوه‌ كه‌ هاريكاريى نێوان سوپاى عيراق و پێشمه‌رگه‌ به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى بۆشاييى ئه‌منى باشه‌ و له‌به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ى جدديى داعش، پێويسته‌ هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وام له‌ هاريكاريدا بن.

به‌ڕێز گوێرينى دووپاتى كرده‌وه‌ ئيتاليا له‌ پشتگيرى و هاوكاريكردنى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت به‌تايبه‌تى كه‌ له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا وڵاته‌كه‌ى سه‌ركردايه‌تيى ئه‌ركى ناتۆ له‌ عيراق وه‌رده‌گرێت و گوتى: ئێمه‌ ئه‌زموونى ڕابردوومان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ باش و سه‌ركه‌وتووه‌ و پێزانينمان بۆ ڕۆڵ و قوربانييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ هه‌يه‌.

دۆخى سياسيى عيراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌گه‌ڵ ئيتاليا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.