ئێوارهى ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢١/٤/١٠ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا بهڕێزان نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان و د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوونهوه.
لە كۆبوونەوەیهكدا هەلومەرجی سیاسيی عێراق و دوا پێشهاتە سیاسییەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرا و دووپات کرایەوە كە پێویستە زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بڕەخسێت و گوزارشتی ڕاستەقینەی ئیرادەی دەنگدەران بێت لەپێناو تێپەڕاندنی قەیران و ناكۆكییەكانی ئێستا و زامنكردنی سەقامگیری و ئارامی لە داهاتوودا.
لە كۆبوونەوهكهدا بە گرنگییەوە باس لە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ و چەسپاندنی پشكی هەرێم كرا، جهختيش كرایەوە كە پێویستە بودجە لەپێناو دابینكردنی خۆشگوزەرانيی ھاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانی بژێوی و مووچەدا جێبەجێ بكرێت، هاوكات ئاماژە بەوە درا كە پێویستە ئەمە سەرەتای گفتوگۆیەكی بونیاتنەرانە بێت بۆ چارەسەری سەرجەم كێشەكانی نێوان و حكوومەتی فیدراڵ و حكوومهتى هەرێمى كوردستان لهسهر بنهماى دەستوور.
لە تەوەرێكی ديكهى كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەگشتی كرا. لەمبارهيهوه داكۆكى لە یەكخستنی هێز و تواناكان و نزیكردنەوەی بیروبۆچوونی هێز و لایەنە ناكۆكەكان كرایەوە بە مەبەستی تێپەڕاندنی هەڕەشە و مەترسییەكان.