Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى كۆبووه‌وه‌

2021-04-10T16:34:38.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/4/10، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز فايه‌ق زێدان سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق و ژماره‌يه‌كى له‌ دادوه‌ران و سه‌رۆكى دادگاكان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌ستخۆشى له‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى و به‌تايبه‌تى به‌ڕێز زێدان كرد بۆ هه‌وڵ و ڕۆڵى ئه‌رێنييان له‌ يه‌كلاكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى هه‌مواركردنى ياساى دادگاى فيدراڵى و دامه‌زراندنه‌وه‌ى دادگاكه‌‌ كه‌ بڕياره‌ له‌ ئاينده‌يه‌كى نزيكدا ده‌ستبه‌كار بێت و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ ئه‌ركى دادگاى فيدراڵى سه‌خته‌ و گرنگه‌ كار و بڕياره‌كانى و يه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى سيسته‌مێكى تۆكمه‌ى دادگه‌ر بێت و بڕوا و متمانه‌ى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق به‌هێزتر بكات و هه‌مووان له‌باره‌يه‌وه‌ به‌ ته‌واوى هه‌ست به‌ دڵنيايى بكه‌ن.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان دامه‌زاراوه‌ دادوه‌رييه‌كانى فيدراڵ و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌ و چه‌ندين بابه‌تى ديكه‌ى په‌يوه‌ست به‌ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دامه‌رزاوه‌ دادوه‌رييه‌كانيان تاوتوێ كرد.