Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

2020-02-19T11:23:23.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی پاڵپشتیی ئه‌مه‌ریكای بۆ خه‌ڵكی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ کرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ مه‌ترسیی داعش دژی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌ بۆیه‌ به ‌پێویستی زانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ جددی سه‌یری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ بكات.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19/2/2020 سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕاڵف ئه‌براهام ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا و شاندێكی یاوه‌ری، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ دوای ساڵی 1991 هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و ئێستاش ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر ڕوویان تێكردووه‌ و وه‌كو پێگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ خه‌ڵكانی لێقه‌وماو به‌كار ده‌هێنرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا بابه‌ته‌كانی به‌هاناوه‌هاتنی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان بێ جیاوازی له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه،‌ پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش، به‌رده‌وامیی پشتگیریكردنی پێشمه‌رگه‌، هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاكاندا و دۆستایه‌تیی به‌هێزی خه‌لكی ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی و به‌تایبه‌تی دۆخی ئێستای عێراق و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.