Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵيۆزى هۆڵه‌ندا كرد

2021-11-22T12:17:57.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/11/22 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ميشێل ڕێنته‌نار باڵيۆزى هۆڵه‌ندا له‌ عيراق كرد.

له‌ ديدارێكدا دۆخى عيراق، به‌تايبه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و مشتومڕانه‌ى ده‌رباره‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ن، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، ڕۆڵى هێزه‌ هۆڵه‌ندييه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا و هاريكاريى هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بۆ چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق به‌ ڕێكاره‌ ياسايى و ده‌ستوورييه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن‌ و دواى په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كان ده‌ست به‌ گفتوگۆ بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى داهاتووى عيراق بكرێت، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هۆڵه‌ندا كرايه‌وه‌ به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى كشتوكاڵى و وه‌به‌رهێنان و كه‌رتى تايبه‌ت و هه‌هامه‌نگيى زانكۆيى و ئه‌كاديميدا.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى هاريكارى و پشتگيريى هۆڵه‌نداى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا كرد و ڕۆڵى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هۆڵه‌نداى به‌زر نرخاند بۆ ئه‌و يارمه‌تييه‌ى پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى ده‌كه‌ن بۆ چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.‌