Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا كرد

2022-03-30T11:49:52.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/3/30 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عيراق كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا به‌ڕێز باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا نامه‌يه‌كى سه‌رۆك جۆ بايدن سه‌رۆكى ‏وڵاته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ريكاى گه‌يانده‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كه‌ تيايدا ‏جه‌خت له‌ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان كراوه‌ته‌وه‌. ‏

هه‌ردوولا دۆخى سياسيى عيراق، هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى سياسى و كۆبوونه‌وه‌كانى ‏ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق، دۆخى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ‏داهاتووى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێشنبينييه‌كانيان بۆ ‏داهاتووى پرۆسه‌ى سياسييان له‌ وڵات تاوتوێ كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى هه‌بوونى سيستمێكى ‏حوكمڕانيى ته‌ندروست له‌ عيراق له‌سه‌ر بنه‌ماى متمانه‌ و هاوبه‌شيى ڕاسته‌قينه‌ و ‏پابه‌نديى به‌ ده‌ستوور و بنه‌ماكانييه‌وه‌ كه‌ ته‌نيا ڕێگه‌يه‌ بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى و ‏جه‌ختيان له‌ گرنگيى بنياتنانى متمانه‌ و لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى نێوان لايه‌نه‌ ‏عيراقييه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرده‌وه‌.‏

گفتوگۆى لايه‌نه‌كان له‌سه‌ر ياساى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، گرنگيى ‏يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان له‌ به‌غدا و كارى پێكه‌وه‌يى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ‏عيراقييه‌كان، گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى ‏كێشه‌كان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌، ‏شه‌ڕ و دۆخى ئۆكراينا و كاريگه‌رييه‌كانى و وتووێژى ڤيه‌ننا له‌سه‌ر دۆسيه‌ى ئه‌تۆمى، ‏چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.‏