Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسولى گشتيى به‌ريتانيا كرد

2020-06-02T07:44:21.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2/6/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتيی بەریتانیا له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ ديدارێكدا دوايين پێشهاته‌كان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و ڕێكاره‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌‌ هه‌مه‌لايه‌نه‌كانى، به‌تايبه‌تى له‌سه‌ر دۆخى ئابوورى، تاوتوێ كران. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه‌ دۆخى وڵات ده‌خوازێت كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵ چاره‌سه‌ر بكرێن و هيواى خواست له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى به‌ڕێز مسته‌فا كازمى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ر.

به‌هێزبوونه‌وه‌ و هێرشه‌كانى تيرۆرستانى داعش ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا جه‌خت له‌ پێويستيى بوونى ميكانێزمێكى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م مه‌ترسييه‌ جدييه‌ له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵدا كرايه‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى به‌ريتانيا له هه‌ولێر خواستى شانشينى يه‌كگرتووى بۆ پاراستن و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و هيواى خواست كۆمپانيا به‌ريتانييه‌كان بتوانن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى به‌ده‌ست بهێنن و له‌ ژێرخان و بواره‌ جياكانى ديكه‌دا كار و هاوبه‌شى بكه‌ن.

به‌رنامه‌ى كارى حكوومه‌تى عێراق و جه‌ختكردنه‌وه‌ى هه‌ردوولا‌ له‌ پشتگيرى بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران كازمى، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، به‌رده‌واميى پرۆسه‌ى چاكسازى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.