Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

شاندى سه‌رۆكايه‌تى له‌ كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا چه‌ند ديدارێكيان ئه‌نجامدا

2024-02-06T19:52:16.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/2/6 شاندى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا له‌ واشنتۆن له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان ئه‌ندامانى كۆنگرێس مايكڵ ڕۆجه‌رز سه‌رۆكى ليژنه‌ى سه‌ربازى و ئاده‌م سميس ئەندامی باڵای پارتی دیموکرات لە ليژنه‌ى سه‌ربازى و مايکڵ واڵتز ئه‌ندامى ليژنه‌ی سەربازی و کاروباری دەرەوە و هاوسەرۆکی گرووپی کوردی ـ ئەمه‌ریکی لە کۆنگرێس و جيم بێرد له‌ ليژنه‌ى کاروباری ده‌ره‌وه‌ى كۆنگرێس، چه‌ند ديدارێكيان ئه‌نجامدا و ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، بيروڕايان ئاڵوگۆڕ كرد.

له‌ ديداره‌كاندا شاندى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، سوپاس و پێزانينان بۆ پشتگيريى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و داوايان كرد له‌ يارمه‌تيدان و پشتگيرييان بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بن. هه‌روه‌ها دوايين هه‌نگاوه‌كانى يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و پرۆسه‌ى چاكسازييان له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه‌.

شاندى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز فەوزی هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نداميه‌تيى به‌ڕێزان فه‌لاح مسته‌فا ياريده‌ده‌رى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ كاروبارى سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ و نياز ساڵح مسته‌فا به‌رپرسى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و ديپلۆماسى له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ئامادبوونى خاتوو تریفه‌ عه‌زیز نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ سه‌ردانه‌كه‌ياندا بۆ ئه‌مه‌ريكا چه‌ند ديدار و كۆبوونه‌وه‌يه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ريكا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.