Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک و فەرماندەی هێزەکانی هۆڵەندا لە عێراق و هەرێمی كوردستان کۆبوونەوە

2023-05-24T10:59:05.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٣/٥/٢٤ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ کەیس مارسێلیس، فەرماندەی هێزەکانی هۆڵەندا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵی هێزەکانی هۆڵەندای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و ستایشی هاریکارییە سەربازی و ڕاوێژکارییەکانی هۆڵەندای بۆ پێشمەرگە كرد، هەروەها تیشکی خستە سەر پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی پرۆسه‌که‌، لەمبارەیەوە جەختی لە خێراکردنی ئەو میکانیزمانە کردەوە کە گرنگە بۆ خزمەتکردنی یەکخستنەوەکە.

لای خۆیەوە بەڕێز کۆڵۆنێڵ کەیس مارسێلیس، جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەكانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستانیشی بۆ ناوچەکە بە گرنگ زانی.