ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٣/٣/٨ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتاندا، بە نوێنەرایەتیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئامادەی کۆنفرانسێک بوو کە بۆ خانمان و ئافرەتان لە سەرۆکایەتیی هەرێمى كوردستان ڕێكخرابوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، کە بەڕێز کونسولی گشتیی بەریتانیا ئامادەى بوو، بەڕێز جێگری سەرۆک ڕۆڵی ژنانى کوردستانی لە خەبات و نیشتیمانپەروەریدا بەرز نرخاند، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو ئافرەتانەی کە بە درێژایيی مێژوو ڕۆڵی کاریگەرییان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبووە، وەك حەلیمە خانمی هەکاری كە بە خانمی ئازایەتی و دادگەری ناسراوە، حەپسەخانی نەقیب و عەدیلا خانم کە ئینگلیزەکان ئەوكات بە شازادەی ئازاکان ناویان بردوون، مارگرێت جۆرج یەکەمین ژنە پێشمەرگە و خاتوو سابات ئیسلامبوولی کە کوردێکی جوولەکە و یەکەم پزیشکی ژن بووە، هەروەها ئازایەتی و چاونەترسیی ژنانی پێشمەرگە کە شانبەشانی برا پێشمەرگەکانيان لە شەڕ و ڕووبەرووبوونەوەکانی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا، جەنگاون.
لە کۆتایيی کۆنفرانسەکەدا شەش خانمی پێشهنگ لە چهند بوارێكى جيادا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان، خەڵاتی شانازيى سەرۆکایەتییان پێ بەخشرا كە ئەوانیش هەریەك لە بەڕێزان خاتوو میدیا كامەران فوئاد مەستی، خاتوو لیلۆ خالد مەجید، خاتوو سارا محەمەد حەسەن باجلۆری، خاتوو زەینەب مەلا مینکە، خاتوو ستاڤ ئاسۆ حەسەن و خاتوو لارا یوسف زارا بوون.