ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٢/٦/١٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێل لیۆنۆڤیچ، جێگری بەڕێوەبەری گرووپی ڕاوێژکاریی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا بەڕێز جێگری سەرۆک، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە کۆلۆنێل لیۆنۆڤیچ وەک جێگری بەڕێوەبەری گرووپی ڕاوێژکاریی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای سهركهوتنی بۆ خواست و پشتگیریی خۆیانی بۆ کار و ئەرکەکانی دووپات کردەوە، هەروەها ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا، بەرز نرخاند.
هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی و برەودانی پەیوەندییەکانی نێوانیان و هاریکارییە سەربازییەکان بۆ سوپای عیراق و پێشمەرگە کردەوە و لهسهر گرنگیی ههنگاوهكانی پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی و بەرەوپێشچوونی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، كۆك بوون.