Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک بەشداریی ڕێوڕەسمێکی سەربازیی هێزەکانی ئەڵمانیا دەکات

2023-07-11T19:15:27.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/٧/١١ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کەمپی ستیڤان لە هەولێر، بەشداری لە ڕێوڕه‌سمی ئاڵوگۆڕی فەرمانده‌ی سەربازیی هێزەکانی ئەڵمانیادا کرد.

لە ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا بەڕێز جێگری سەرۆک، سوپاسی ئەرک و کارەکانی به‌ڕێز کۆڵۆنێڵ تۆماس نیکۆلاس لە ماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستاندا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوودا بۆ خواست، هه‌روه‌ها پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە به‌ڕێز کۆڵۆنێل دیریک بۆلینگەر، وەک فه‌رمانده‌ی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرکەوتنی ئەرکەکانی دووپات کردەوه‌.

دواتر بەڕێز شێخ جەعفەر سوپاس و ستایشی هێزەکانی ئەڵمانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ داعشدا کرد و ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو هێزەی لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا بەرز نرخاند، بەتایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی دژ بە داعشدا.

لای خۆیەوە بەڕێز کۆڵۆنێڵ دیریک، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر دەستبەکاربوونی وەک فه‌رمانده‌ی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جەختی لە بەردەوامیی هاریکاری و یارمەتییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ پێشمەرگە لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا بەگشتی، کردەوە.