ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١٢/١٣ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، کونسولی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، بەردەوامیی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە بەرەنگاربوونەوەی پەلامار و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، تاوتوێ کرا.
بەڕێز جێگری سەرۆک، جیا لە بەرز نرخاندنی ڕۆڵی فەرەنسا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ پێشمەرگە، هەروەها سەقامگیریی سیاسیی عیراق و هەرێمی کوردستانی بۆ بەرقەراربوونی ئاسایشی ناوچەکە بە گرنگ زانی و هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییانەی داعشی بە مەترسی لە قەڵەم دا، بۆ ئەم مەبەستەش جەختی لە کێوماڵکردنی بەپەلەی تەواوی ئەو شوێنانە كردەوە کە بوونەتە سەرچاوەی پەلامار و هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل.
لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی فەرەنسا، دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاریکاری و برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها تیرۆریستانی داعشیان بە هۆکاری ئەو ناسەقامگیرییە زانی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە.