Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ شاندێکی ڕاوێژکاریی هاوپەیمانان کۆبووەوە

2022-04-25T11:48:18.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٤/٢٥ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ‏هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ تۆد بۆرۆس جێگری بەڕێوەبەری ‏گرووپی ڕاوێژکاریی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و ‏شاندێکی یاوەری کرد کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەی سەردانی ‏جێگری سەرۆکیان کردبوو.‏

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و ‏بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش، پرۆسەی چاکسازی و ‏یەکخستنەوەی پێشمەرگە، گرنگیی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و ‏سوپای عیراق، تاوتوێ کران.‏

بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی ئەرک و ماندووبوونی بەڕێز کۆڵۆنێڵ تۆد بۆرۆسی ‏کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوودا بۆ خواست، هەروەها ڕۆڵی هێزەکانی ‏هاوپەیمانيی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی بە گرنگ زانی لەپێناو سەقامگیری و ‏دوورخستنەوەی مەترسییەکانی داعش لە عیراق و ناوچەکە و دووپاتی كردەوە كە ‏ڕاوێژی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ‏سەقامگیریی پرۆسەی ئاشتەوایی و بەرەوپێشچوون لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.‏

شاندی میوان جەختیان لە بەردەوامیی دیالۆگی ستراتیژيی نێوان عیراق و ئەمه‌ریکا ‏و گرنگیی برەودان بە پەیوەندی و هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە ‏کردەوە، بەتایبەت لە بواری مەشق و ڕاهێنان و کردنەوەی خولی ئەکادیمی، هەروەها ‏پاڵپشتیکردنیان لە پرۆسەی چاکسازيی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزی ‏پێشمەرگه‌دا.‏