ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٩/٢١، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان پێشوازی لە بەڕێز جەنەراڵ کیس فلپس، بەرپرسى باڵاى سەربازى و بەرپرسى نووسینگەى هاریکاریى ئەمنیى ئەمەریکى لە عیراق و شاندێکى سەربازى و دیپلۆماسیى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتە ئەمنى و سەربازییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمى کوردستان، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، جموجووڵەکانی تیرۆریستانی داعش، چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و چەند بابەتێکی جێى بایەخى هاوبەش، گفتوگۆیان لە بارەیەوە کرا.
بەڕێز جێگری سەرۆک جەختى لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و عیراق کردەوە، هەروەها سوپاسى پشتگیرى و هاوکاریى ئەمەریکا و وڵاتانى دۆستى بۆ پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە کرد.
شاندی میوان پوختەیەکیان دەربارەى گۆڕانى ئەرکى هێزەکانیان لە عیراق لە چوارچێوەى دیالۆگى ستراتیژیى نێوان عیراق و ئەمەریکا و بەردەوامیى هاریکارى و پشتگیریى عیراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و تێکشاندنى یەکجارەکیى داعش پێشکەش کرد.
تاوتوێکردنى دوایین پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى، لایەنێکى دیکەى کۆبوونەکە بوو.