ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٢/٢٣ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێزان جەنەڕاڵ نیک دوسیچ ڕاوێژکاری باڵای سەربازی و تۆد بۆرۆس جێگری بەڕێوەبەری گرووپی ڕاوێژکاریی سەربازیی ئەمەریكا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە، یارمەتییە سەربازییەكانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە، هەڵسەنگاندنی دۆخی سەربازی و پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵ و کاریگەریی هاوپەیمانانی دژ بە داعش لە ناوچەکە بەرز نرخاند، جەختی لە پێویستیی هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە مەبەستی پاراستن و سەقامگیریی ناوچەکە، كردەوە. سەبارەت بە پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەشدا، بەڕێزیان تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ئەو پڕۆسەیە و خێراکردنی ئەو میکانیزمانەی کە گرنگە بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەکە.
شاندی میوان دووپاتیان کردەوە کە هێزەکانیان لە پاڵپشتیی و هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن، هەروەها دووپاتیان كردەوە كە بە گرنگییەوە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەڕوانن و بە خاڵی وەرچەخان لە بەرەوپێشچوون و بەهێزیی هەرێمی کوردستان ئەژماری دەکەن.