ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١/٢٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ تۆد بۆرۆس جێگری بەڕێوەبەری گرووپی ڕاوێژکاریی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخی ناوچەکە لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، مەترسییەکانی داعش و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەیان، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانانی دژ بە داعش بە گرنگ زانی و تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی داعش بۆ سەر عیراق و وڵاتانی دەوروبەر و جیهان بەگشتی و جێگیرکردنی پێشمەرگەی لەو ناوچانەی بۆشاییی ئەمنییان تێدایە بە پێویست زانی، هەروەها دووپاتی كردەوە كە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە پێویستی بە گفتوگۆی بەردەوامی لایەنە سیاسییەکانی عیراق و هەرێمی كوردستان و کاری پێکەوەیی لە بوارە جیاوازەكاندا بەتایبەت لە بواری سەربازیدا هەیە.
شاندی میوان جەختیان لە برەودان بە پەیوەندی و هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە و پاڵپشتیکردنی پرۆسەی چاکسازی و دامەزراندنی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو كردەوە و هەنگاوەکانی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشیان لە سوپای عیراق و پێشمەرگە بە گرنگ زانی.