ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١/٢٤ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێڵ پیتەر، فەرماندەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانیی هەنگاریا لە عیراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عیراق، مەترسییەکانی داعش، پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک، ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەی پەیوەست کرد بە برەودانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق، بهتایبەتی لەو ناوچانەی کە بۆشاییی ئەمنییان تێدایە و بۆتە سەرچاوەی جموجۆڵ و کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش، لەمبارەیەوە ڕۆڵی هاوپەیمانانی لە ناوچەکە بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە بەڕێز کۆلۆنێڵ پیتەر، دووپاتی کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەکە، هێزەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشدا لە هاریکارییە سەربازیەکانیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق بەردەوام دەبن.