Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوووەوە

2021-07-12T13:02:03.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٧/١٢ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز جەیمس دۆنەر جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەستبەکاربوونی کونسولی تازەى بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق، ئاسایشی ناوچەکە، چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و دەربارەى هەوڵەکانى یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازی لە بواری سەربازیدا، هاوڕا بوون کە هەنگاونان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە دەبێتە هۆى سەقامگیریی زیاترى ئاسایش لە ناوچەکە فەراهەم دەکات، هەروەها هیوایان خواست هێزێکی دامەزراوەیى، یەکگرتوو و نیشتمانیى سەربازی، ببێتە جێی بایەخ بۆ هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو مەترسییانەی لە ناوچەکەدا هەن.

لە کۆتاییدا بەڕێز جێگری سەرۆک، سوپاسی بەڕێز جەیمس دۆنەر جێگری باڵیۆزخانەی بەریتانیای بۆ هەماهەنگی و پەیوەندییەکان و هاریکاریى بەردەوامییان لەگەڵ هەرێمى کوردستان کرد.