ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/١/١٨ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەرال کارل هاریس، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عیراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
لەکۆبوونەوەیەکدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عیراق، پرۆسەی چاکسازی و هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر حەشارگەکانیان و هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق لەمبارەیەوە، تاوتوێ کران.
هەردوولا هاوڕا بوون کە داعش مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و لەناوبردنیشیی پێویستی بە هاریکاری و پشتیوانیی زیاتری هاوپەیمانانە، لەمبارەیەوە بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە پلان و ستراتیژی نوێی سەربازی و بەرنامەی جۆراوجۆر بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ئاست كردەوەكانیان كردەوە.
شاندی میوان بەردەوامیی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عیراق بۆ لەناوبردنی داعش لە عیراق و سووریا دووپات كردەوە، هەروەها سەرخستنی پڕۆسەی سیاسیی عیراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عیراقیشیان بە هۆكارێكی كاریگەر بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە زانی.