Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کونسولی گشتیی تورکیا کۆبووەوە

2021-12-14T09:13:27.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١٢/١٤ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز هاکان کاراچای، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا بەڕێز جێگری سەرۆک، تیشکی خستە سەر هێرش و پەلامارەکانی ئەم دوایییەی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و هاووڵاتیان، هەروەها بۆ كۆتاییهێنان بە مەترسییەكانی تیرۆر و سەقامگیریی ناوچەكە، پڕكردنەوەی بۆشایییە ئەمنییەكان و بەردەوامیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپا و پێشمەرگەی بە پێویست زانی.

لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی تورکیا، بەردەوامیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە و باسی لە گرنگیی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عیراق بۆ ناوچەکە كرد و لەمبارەیەوە جەختی لە هاوكارییان لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا كردەوە.