Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کونسولی گشتیی تورکیا کۆبووەوە

2022-04-04T12:33:45.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٤/٤ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز هاکان کاراچای، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عيراق و پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا لە سەروبەندی پێکهێنانی كابینەی نوێی حکوومەتی عيراق، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و برەودان بە پەیوەندییەکان، تاوتوێ کران.

بەڕێز جێگری سەرۆک، لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی کە لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا هەیە، جەختی لە گرنگی و ڕێككەوتنی لایەنە ساسییەكانی عیراق بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ کردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی تورکیا، بەردەوامیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە، هەروەها باسی لە گرنگیی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عیراق بۆ ناوچەکە كرد و لەمبارەیەوە جەختی لە هاریکارییەکان لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا كردەوە.