ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٣/٢/٢٣ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆریا، بەرپرسی گرووپی ڕاوێژکاریی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین گۆڕانکارییەکان و بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە، مەترسییەکانی داعش، یارمەتییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و چەند پرسێکی هاوبەش، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم ڕۆڵی هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند و پشتگیری و هەماهەنگیی زیاتری هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە، دواتر تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.
لای خۆیانهوه شاندی میوان جەختیان لە بەردەوامبوون و برەودانی زیاتر بە پەیوەندی و هاریکارییە سەربازییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستە سەر بەرەوپێشچوون و خێراکردنی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پەیڕەوی پلان و کارکردنیان، دواتر هەڵسەنگاندن بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە کرا بە ئامانجی دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی.