ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/٥/١٦ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز جەنەڕاڵ پاوڵ پیتەرس و شاندێکی یاوەری لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکە، شکاندنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتووگۆ، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، مەترسییەکانی داعش و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان، هاریکاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵ و گرنگیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند، هەروەها سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەشدا، تیشکی خستە سەر هەنگاوەکان و گرنگیی بەرەوپێشچوونی ئەو پرۆسەیە و خێراکردنی ئەو میکانیزمانەی کە گرنگە بۆ خزمەتکردنی یەکخستنەوەکە.
شاندی میوان جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی هاریکاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە کردەوە، هەروەها بە گرنگییەوە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان ڕوانی، پاشان گەشبینیی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسی لە ناوچەکەدا.