ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٧/١٠ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز جەنەراڵ پاوڵ پیتەرس و شاندێکی یاوەری لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەكانی بەردەم پرۆسەی دیموکراسی، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، کاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق، گفتوگۆیان لەبارهيەوە کرا.
بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە پێویستی و گرنگیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە كردەوە. سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگەش، تیشکی خستە سەر گرنگیی بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە و خێراکردنی میکانزمە گرنگەكان، هەروەها بەردەوامیی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی بۆ لێکگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی دیموکراسی و حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو، بە گرنگ زانی.
شاندی میوان بەردەوامیی یارمەتییەکانیان و هاریکاریی هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش دووپات کردەوە و ئارامی و سەقامگیریی هەرێم و عێراقیان بە گرنگ زانی، هەروەها جەختیشیان لە پاڵپشتی و هاوکارییان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە كردەوە.